نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵی رۆژئاوای كوردستان بگەڕێننەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەكات منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان بگەڕێننەوە و توندوتیژی دژ بە منداڵان ڕابگرن.
لای خۆیەوە بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی کەمپەکە و چالاکی شانەکانی داعش لە كەمپەكە، مانگی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتێکی ئەمنییان لە کەمپەکە دەستپێکرد و لە کۆتاییدا دەستگیرکردنی دەیان کەسیان لە شانەکانی داعش راگەیاند لەگەڵ دۆزینەوەی تونێل و چەک.
دوێنێ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردن لە توندڕەوی، رایگەیاند، داوا لە وڵاتان دەکەین منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ بگەڕێننەوە، کە ڕووبەڕووی مەترسی توندڕەوی دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە وڵاتان بەردەوام بن لە لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو دڕندەییە بەکۆمەڵانەی کە داعش ئەنجامی دەدات.