باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق: هەرگیز لە سووریا ناکشێینەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوای ئەوەی ئاژانسی رۆیتەرز لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو، کە سوپای پاسدارانی ئێران ئەفسەرە باڵاکانی لە سووریا کشاندوەتەوە، باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق ئەمەی رەتکردەوە.

حسێن ئەکبەری لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئەلوەتەنی نیمچە فەرمی رایگەیاندووە، دەنگۆی نیگەرانییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ دیمەشق، سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیاری لە ناو دەسەڵاتدارانی سووریا و رۆڵی ئەو وڵاتە لە هێرشەکانی ئیسرائیل و کوژرانی ئەفسەران ئێراندا، “دوورن لە راستیەوە”.

ئەکبەری گوتی: “بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای زانیاری کە گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، چیدی پێویستمان بە کارمەندی مرۆیی کەمترە، بۆ وەرگرتنی زانیاری”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “ئێمە بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ حکومەتی سووریا ئامادەین، لە رووی یاساییەوە و لەسەر بنەمای رێسا نێودەوڵەتییەکان، هەرگیز لە سووریا ناکشێینەوە”.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە