حکوومەتی سووریا تێپەڕینی هاوکارییەکانی لە رێگەی دوو دەروازەوە لە گەڵ تورکیا درێژکردەووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتەی بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە راگەیاند، کە بە نەتەوەیەکگرتووەکان دراوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە لە رێگەی دوو دەروازەی سنوورییەوە لەگەڵ تورکیا.
دوای کارەساتی بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردوو، دیمەشق رێگەی بە نەتەوەیەکگرتووەکان دا لە رێگەی دەروازەکانی ئەلراعی و باب ئەلسەلامەوە لە گوندەواری حەڵەب بۆ ماوەی سێ مانگ هاوکاری بنێرن، دواتر ئەم ماوەیەی چوار جار درێژکردەوە، بەمەش ئەم مۆڵەتە تا 13ی ئایاری داهاتوو درێژکرایەوە.
قوسەی ئەلزەحاک، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانن بەردەوام بن لە بەکارهێنانی دەروازەکانی باب ئەلسەلامە و ئەلراعی.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2014ەوە ئەو دوو دەروازە سنوورییە لە گەڵ تورکیا بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ملیۆنان کەس لە باکووری رۆژئاوای سووریا، بەڵام گەیاندنی ئەو هاوکارییانە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە وەستاوە، دوای ئەوەی ئەنجومەنەکە نەیتوانی بگات بە رێکەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە.
چەند رۆژێک دوای ئەمە حکومەتی سووریا رایگەیاند کە نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی دەروازەی باب ئەلهەوا. حکومەتی سووریا مانگی رابردوو ئەم ڕەزامەندییەی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە. داڕشتنەوەی: عەگید مشمش