بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک… ئیسرائیل دەوروبەری دیمەشق بۆردومان ده‌كات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئاژانسی “سانا”ی سه‌ر به‌ حكومه‌تی دیمه‌شق، بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ شەممە، ڕایگەیاند، بەرگری ئاسمانی سوریا بەرپەرچی بۆردومانێکی ئیسرائیلیان دایەوە كه‌ كرابۆوه‌ سەر گونده‌واری دیمەشق و هەندێک مووشەکیان خستە خوارەوە.

بەپێی میدیا عەرەبییەکان، دوێنێ هەینی، له‌بۆردومانێکی تری ئیسرائیل فڕۆکەخانەی سەربازی “مه‌زه‌” لە دیمەشق كرا ئامانج، ، هاوکات وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، دوو دڕۆن کە لە جۆلانەوە هاتبوون، خرانه‌ خوارەوە.

رادیۆی “شام ئێف ئێم”ی ناوخۆیی ڕایگەیاند، دەنگی تەقینەوەیەک لە دەوروبەری ناوچەی دیماسی گونده‌واری دیمەشق بیستراوە.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە سانای ڕاگەیاند، “نزیکەی کاتژمێر 1:05 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە جۆلانه‌وه به‌ ئاڕاسته‌ی سوریا‌ دەستپێکرد و ژمارەیەک باره‌گای لە گونده‌واری دیمەشق کردە ئامانج”.

ئاماژەی بەوەشکرد، به‌رگری ئاسمانی سوریا هەندێک مووشەکیان خستە خوارەوە و هەندێکی تریش زیانی ماددییان لێکەوتەوە.

داڕشتنه‌وه‌ی: عه‌گید مشمش