مەزڵوم عەبدی هۆشداریدا لە پەرەسەندنی ململانێکان و زیادبوونی هێرسی گروپەکانی سەر بە ئێران
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان هۆشداریدا لە پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا و گوتی: رەنگە ببێتە “دەرگایەک بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش”.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەڕێگەی بەرنامەی زوومەوە کۆنفرانسێکی بۆ رۆژنامەنووسان لە واشنتۆن سازکرد، تیایدا هەڕەشەکانی بەردەم شەڕڤانەکانیانی خستەڕوو، کە هێزێکی ئەمنیی سەرەکین و رێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستاندا هەیە و شانبەشانی هێزەکانی “هەسەدە” وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستی داعش کاردەکەن.
عەبدی هۆشداری توندی دا، کە زیادبوونی هێرشەکانی گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەم هەموو گرژیانە و هەموو ئەم هێرشانە بۆ سەر هێزەکانمان و لە ناوچەکانمان لە لایەنی جیاوازەوە، دەبینین کە داعش سوود لەم هەموو هێرشانە وەردەگرێت. هەروەک لەمدواییانەدا بەرزبوونەوەی جموجۆڵەکانی داعشمان بەدیکردووە”.
میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا لە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل و شەڕی دەرئەنجامی کەرتی غەززە هێرشەکانیان بۆ سەر سەرباز و پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیادکردووە، بە کوژرانی سێ ئەندامی سوپای ئەمریکا، لە کۆتایی مانگی رابردوو لە ئوردن گرژییەکان زیادیانکرد و دەیان هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەستی پێکرا.
هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکا کەوتوونەتە ژێر هێرشەوە و سەرەتای ئەم هەفتەیە شەش شەڕڤانیان شەهید بوون، لە هێرشێکی میلیشیایەکی سەر بە ئێراندا لە سووریا بۆ سەر بنکەیەک کە سەربازانی ئەمریکای تێدا ئامادەن.
عەبدی گوتی هێرشەکان بە ئامانجی هەوڵدانن بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
گوتیشی: “ئێمە بینیمان کە ئامانجی سەرەکی پشت ئەم هێرشانە بۆ سەر بنکە هاوبەشەکانمان و بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ناچارکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە لە سووریا بە کشانەوە”.
عەبدی: “هەموو ئەم هێرش و پەرەسەندنانە، ئاڵنگارییەکانی شەڕی داعش زیاتر ئاڵۆزتر دەکەن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئامانجی سەرەکی داعش کە یەکەمیان و گرنگترینیان ئەوەیە، سەرجەم زیندانییەکانیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ناوچەکانمان دەربهێنن، ئامانجی درێژخایەنیشیان بەدەستهێنانی کۆنترۆڵکردنی خاکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێمە یان ناوچەکانی دیکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سووریا زیاتر هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات”.
داوای کرد ئەمریکا کاریگەری زیاتر بەسەر ئەنقەرەدا هەبێت بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی کە “ژێرخانی سڤیل و سەربازیی دەکەنە ئامانج”.
لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەمریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیای لە رۆژئاوای کوردستان خستە خوارەوە و رایگەیاندبوو کە ئەمە مەترسییە بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
عەبدی گوتی: “لەو کاتەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە خراوەتە خوارەوە، نابینین نیەتێک هەبێت لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە بۆ نزیکبوونەوە لە بنکەکانی ئەمریکا، وەک ئەوەی ساڵی رابردوو روویدا.”
بەڵام جەنەڕاڵ عەبدی گوتیشی کە ئەوان نیگەرانن لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F-16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا، کە دوای ئەوەی ئەنقەرە بەدواداچوونی بۆ پەسەندکردنی پەیوەستبوونی سوید بۆ ناتۆ کردووە ئەوەش پەسەند کراوە.
رایگەیاند: “هەندێک لە یاسادانەرانی ئەمریکا لە کاتێکدا خۆیان لە رێگریکردن لە فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا پاراست، داوایان لە ئیدارەی بایدن کرد، کە بە تورکیا بڵێت هەڕەشە لە کورد نەکات”.
گوتیشی: “ئەوەی دەتوانرێت بکرێت ئەوەیە کە رەنگە حکومەتی ئەمریکا بە تورکەکان بڵێت کە نابێت ئەم فڕۆکانەی F-16 لە دژی کورد لە سووریا بەکاربهێنرێن، چونکە ئێمە نیگەرانین لەوەی ئەوان ئەم فڕۆکانە لە دژی ئێمە بەکاربهێنن”.