لە بەغدا چەند تەقینەوەیک روویدا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمشەوی چوارشەممە، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە بەغدای پایتەختی عێراق بیسترا، بە گوێرەی ئاژانسە ناوخۆیی و جیهانییەکان، تەقینەوەکان بەهۆی بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلێکەوە بووە کە لە ئاسمانەوە بە درۆن یان مووشەک کراوەتە ئامانج.

لەمبارەوە پێنتاگۆن گوتی: “ئاگاداری ئەو راپۆرتانەین کە باس لە تەقینەوەکانی بەغدا دەکەن، دواتر زانیاری زیاتر رادەگەێنین”.

هەرچەندە بەفەرمی هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان و ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە، دوو سەركردەی حیزبوڵڵای عێراقی کراونەتە ئامانج و کوژراون، کە یەكێکیان ناوی ئەبو باقر ساعدییە و ئەوەی دیکە ئەرکان عەلیاویە.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانە سەرکردەیەکی دیکەی بزوتنەوەی نوجەبای سەر بە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێڕاق”، کە بەرپرسە لە ئەنجامدانی هێرشەکان دژ بە هێزەکانی هاوپەیمانی، لە هەمان ئۆتۆمبێلدا بووە و پێکراوە.

هێشتا زانیارییەکان بە تەواویی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام ئەنجامە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەمریکا هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی سەربازەکانی لە بنکەی تاوەر22 لە ئوردن، لە عێراقیش دەستپێکردووە و ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە هێرشەکە لە لایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراوە.

بە گوێرەی زانیاری ئاژانسەکان، رووداوەکە لە ناوچەی مەشتەل بووە لە بەغدای پایتەخت.