پاش وەڵامدانەوەی حەماس.. ئیسرائیل رەزامەندی پیشاندا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە
دیمەشق– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ رەزامەندی دەربڕیووە بە ئاگربەست لە غەززە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەو نێوەندگیرانە، کە پێشتر رەزامەندی حەماسیان لەسەر ئەو پلانە بەدەستهێنابوو، کە پێشنیارکرابوو لە سێ قۆناغدا جێبەجێ بکرێت.
دوێنێ سێشەممە، حەماس وەڵامی خۆی پێشکەش بە پلانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کرد، کە زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە پاریس لەگەڵ بەرپرسانی میسر و قەتەر پێشکەشکرا.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای پەخشی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئاگربەست لە کەرتی غەززە، لەسەر داوای قەتەر بۆ پێشڕەویکردن لە نێوان قۆناغەکان و بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە کاتی گواستنەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر.
رۆژی 28ی 1 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبوونەوەیەک بە بەشداری ئیسرائیل و ئەمریکا و میسر و قەتەر بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و راگرتنی شەڕی غەززە کە بە سێ قۆناغ بەڕێوەدەچێت.
دەزگای پەخشی ئیسرائیل راشیگەیاندووە: وا دیارە ماوەی نێوان قۆناغەکان نزیکەی هەفتەیەک دەخایەنێت، واتە ئەو ئاگربەستەی کە نەتانیاهۆ لەسەری رێککەوتووە، بۆ ماوەیەکی هاوشێوە لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناغێکی تر دەخایەنێت.
سەرچاوە نزیکەکان لە دانوستانەکان بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کە ئاگربەستەکە لانیکەم 40 رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس خەڵکی سڤیل لە نێو بارمتەکاندا ئازاد دەکەن کە تا ئێستاش لە غەززە دەستبەسەرن و دواتر لە دوو قۆناغی دواتردا سەرباز و تەرمەکانیان ڕادەست دەکرێنەوە، لە بەرامبەر ئازادکردنی فەلەستینییە دەستبەسەرکراوەکان لە زیندانەکاندا.
تەلئەڤیڤ مەزەندە دەکات کە نزیکەی 136 زیندانی ئیسرائیلی لە غەززە هەبن، لە کاتێکدا لانی کەم هەشت 8800 فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا دەستبەسەرن.