مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگريی تورکیا كۆبووەوە و رایگەیاند هەرێمی كوردستان نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانی

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ یاشار گولەر وەزیری بەرگریى تورکیا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیى دوولایەنە کرا. جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەپێناو ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و هاوخەمی بۆ گیان لەدەستدانی قوربانییانی هێرشەکەی هەولێر دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیى هاوبەش دووپات کردەوە.

وتیشی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانمان.

گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.