“مەسەدە” بۆ شەهیدانی دێرەزوور: جارێکی تر دەستی خیانەت بۆ گەلەکەمان درێژکرا
قامشلۆ– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە” سەبارەت بە شەهیدبوونی ژمارێک لە چەکدارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە پێشتر لەسەر دەستی میلیشیایەکی سەر بە ئێران لە گوندەواری دێرەزوور، لە رۆژهەڵاتی سووریا گیانیان لەدەستداوە، راگەیەندراوێکیان لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاویکردووە و تیایدا دەڵێن: “جارێکی دیکە دەستی خیانەت بۆ گەلەکەمان درێژکرا، لە دێرەزوور بە ئامانجی تۆقاندن و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و رێگریکردن لە هەر جوڵەیەکی سیاسی، کە ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.”
هەروەها بەتوندترین شێوە شەهیدکردنی شەڕڤانانی “هەسەدە”یان سەرکۆنە کرد و ئەم کارەیان بە “ترسنۆکانە” وەسف کرد، هاوکات سەرەخۆشیان لە کەسوکاری ئەو شەڕڤانانە کرد کە بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
مەسەدە، جەختی لەوە کردەوە کە “سەرچاوەی ئەم هێرشانە هەمان ئەوانەن، کە لە ئەیلوولی 2023 دا ئاژاوەیەکیان نایەوە و نزیک بوو دێرەزوور و خەڵکەکەی بەرەو کەندەڵانێکی زۆر مەترسیدار ببات، ئەگەر هەوڵی خەڵکی ژیر و عەقڵانی دێرەزوور نەبوایە”.
دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهۆی هێرشی درۆنێکی خۆکوژییەوە، شەهید بوونی شەش شەڕڤانیان لە دێرەزوور راگەیاند، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک هات، لەوەی کە میلیشیایەکی سەر بە ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر گەورەترین بنکەی ئەمریکا لە سووریا راگەیاند.