دوو درۆن دوو ئۆتۆمبێل لە ئیدلیب دەکەنە ئامانج
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسە میدیاییەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن رایانگەیاند، دوو درۆنی سەر بە هێزەکانی حکومەتی سووریا دوو ئۆتۆمبێلیان لە گوندەواری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا کردووەتە ئامانج و شۆفێری یەکێکیان بریندار بووە.
لە کۆتایی مانگی رابردوودا، درۆنێک ناوەندێکی کۆکردنەوەی پارچەکانی ئۆتۆمبێلی لە شارۆچکەی تەفتناز لە رۆژهەڵاتی ئیدلب کردە ئامانج و بەو هۆیەوە پێنج کەس کوژران و هەشتی دیکەش بریندار بوون ، لەنێویاندا ئەندامانی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) هەبوون.
یەکێک لەو دوو فڕۆکەیە تانکەرێکی ئاوی لە ناوەندی گوندی فەریقە لە رۆژئاوای ئیدلب کردە ئامانج و شۆفێرەکەی بریندار کرد و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی جسر ئەلشەوغور لە گوندەواری ئیدلب.
لە هەمان کاتدا فڕۆکەی دووەم ئۆتۆمبێلێکی لە ناوەندی شارۆچکەی ئافس لە رۆژهەڵاتی ئیدلب کردە ئامانج، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی بەئامانج کراوەکان و زیانەکان نەزانراوە.