پاش تێپەڕینی ساڵێک بە سەر بومەلەرزەکاندا.. هێشتا ژمارەیەکی زۆری منداڵان بێدەرەتانن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوی رزگارکردنی منداڵان ئاشکرایکرد، لە هەر سێ منداڵێک، کە لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانەی سووریا و تورکیای گرتەوە ماڵەکانیان لەدەستداوە، یەکێکیان لە پەناگەی کاتیدا دەژین.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2023دا زنجیرەیەک بوومەلەرزە و لەرینەوەی بەهێز سووریا و تورکیای گرتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 56 هەزار کەس گیانیانلەدەستدا.
رێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا هەزاران منداڵ بێدەرەتانن و ناتوانن شوێنی حەوانەوە و خۆراکیان دەستبکەوێت، هەروەها بەشێکی زۆری ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن پرۆگرامی خۆراکی جیهانییەوە پێشکەش دەکرێن لەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، راگیراون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەدوای بوومەلەرزەکەوە منداڵان لە هەردوو وڵات تووشی کێشەی تەندروستی و دەروونی بوون.
باس لەوە کرا کە 70%ی بەرکەوتەکانی بومەلەرزە لە پێنج ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا بەدەست “خەمۆکییەوە”ەوە دەناڵێنن، نزیکەی 30%یش بەدەست کابوس یان سەختی خەوتنەوە دەناڵێنن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دوابەدوای بوومەلەرزەکان، 85%ی منداڵانی کەمئەندام گوتویانە، بەهۆی ئەزموونە تاڵەکانیان لە کاتی بوومەلەرزەکاندا، کێشەیان لە کارلێککردن و بەرکەوتن لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و مامۆستا و کەسانی دیکەدا هەبووە.
ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە لە سووریا گەیشتە 8 هەزار و 168 کەس کە 3199 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 969 کەسیش برینداربوون، هەروەها رێژەی قوربانیانی منداڵ لە کۆی گشتی نزیکەی 55% بووە، بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە لەلایەن بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێسەوە ئامار کراوە.