ئەمریکا وەڵامەکەی ئێرانی لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمیەوە لا پەسەند نییە

هەولێر – نۆرس پرێس

رۆژی 8ـی ئاب، یەکێتیی ئەوروپا پێشنیازێکی خستەڕوو بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015، دوای ئەوە ئێران پێشنیازی چەند گۆڕانکارییەکی لە پێشنیازەکەی یەکێتیی ئەوروپادا کرد کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە پەسندکران، بەڵام لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە، ئەمریکا وەڵامی پێشنیازەکانی ئێرانی دایەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2022 ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران جارێکی دیکە وەڵامی پێشنیازە نوێیەکانی ئەمریکای داوەتەوە.

هەر دوای ئەوەش، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە لە رێگەی یەکێتیی ئەوروپاوە وەڵامی ئێرانمان پێگەیشتووە.” گوتیشی کە خوێندنەوەی بۆ دەکەن و لە رێگەی یەکێتیی ئەوروپاوە جارێکی دیکە وەڵامی ئێران دەدەنەوە، “بەڵام بەداخەوە وەڵامەکەی ئێران بونیاتنەرانە نییە.”

ئەگەر  جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018 وڵاتەکەی لێ کشاندبووەوە، ئەوا ئەمریکا دەبێت سزاکانی سەر ئێران کەمبکاتەوە و لەبەرامبەر ئەوەشدا دەبێت ئێران پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات.

هەروەها ئەمریکا کۆتایی بەو هەوڵانەش دەهێنێت کە وا دەکات وڵاتان نەوتی ئێران نەکڕن. لەدوای ئەوەش، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند مانگێکدا ئێران بتوانێت سەروو یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی بفرۆشێت. ئەوەش وادەکات بەهای نەوت کەمبێتەوە کە لەدوای جەنگی ئۆکرایناوە بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.

بایدن کاتێک ئیدارەی ئەمریکای گرتەدەست، ئامانجی ئەوە بوو رێککەوتنەکە کارا بکاتەوە، ئەوەش سەرەڕای بەگژدا وەستانەوە لەلایەن ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکا و پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا.

بەڵام لە دانوستاندنەکانی ڤیەننا، ئێران رەتیکردەوە تەنانەت رووبەڕوو لەگەڵ رۆب مالی، نێردەی ئەمریکا دابنیشێت و ئەوەش وایکرد شاندی یەکێتیی ئەوروپا وەکو نێوەندگیر لەنێوان ئێران و ئەمریکا کار بکات.

لە مانگی ئابی ئەمساڵیشدا، ئەمریکا گوتی کە ئێران دەستبەرداری یەكێک لە خاڵە گرنگەکان بووە، کە ئەویش لابردنی سوپای پاسداران بوو لە لیستی تیرۆری ئەمریکا.

گرووپی یورەیژای بۆ راوێژکاری، لەدوای وەڵامەکەی واشنتن بە ئێران، لە شیکارییەکدا دەڵێت، چانسی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئەمساڵدا 45٪ـە، لای خۆشیەوە، ئیسرائیل هەڵوێستێکی دیکەی هەیە، یایر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە رێککەوتنەکە بێنن و لە دوایین هەوڵیشیدا، رۆژی چوارشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆ بایدن ئەنجامدا، ئیسرائیل پێیوایە کە رێککەوتنەکە پاڵپشتیی نوێی مەترسیدار بۆ ئێران دابیندەکات.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئیدارەی بایدن پێیوایە کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە نەک ئێرانی رانەگرتووە لە پەرەدان بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، بەڵکو دەڵێت ئێران زیاتر پەرەی بە پڕۆگرامەکەی داوە، ئێرانیش رەتیدەکاتەوە بەدوای دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمییەوە بێت.