پاش هەڵگیرسانی ململانێکانی غەززە.. بلینکن پێنجەم گەشت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن گەشتێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە پێنجەمین گەشتی بلینکینە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە.

ئەم گەشتەی لە چوارەم تا هەشتەمی شوبات بەردەوام دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکانی ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن لە نێوان هەردوو لایەنی ململانێکاندا بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت بلینکن سەردانی سعودیە، ئیسرائیل، میسر و قەتەر بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بلینکن “بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان، هەروەها بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ هاوبەشەکانیان، سەبارەت بە چۆنیەتی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامتر و یەکگرتووتر، کە ئاسایشی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان بە هەمان شێوە لەخۆبگرێت.”

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بلینکن گەشتەکەی لە سعوودییەوە دەستپێبکات، کە سەردانەکان بۆ ئیسرائیل و کەرتی ڕۆژئاوا لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە میسر و قەتەر، کە ناوبژیوانی سەرەکین لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس کە کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکات و فەرمانگەیەکیان لە دەوحە هەیە.

گەشتەکەی بلینکن چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا هێرشی “تۆڵەسەندنەوە”ی ئەنجامدا دژ بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا و هێرشەکانی دیکەی ئەمریکی و بەریتانیا لە یەمەن، کە دوایین پەرەسەندنی ململانێکان بوو کەوا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتادا هەوڵیدا خۆی لێ دوور بخاتەوە.

پێش گەشتەکەی، بلینکن جەختی لەسەر پێویستی “بەپەلەی چارەسەرکردنی پێداویستییە مرۆییەکان لە غەززە” کردەوە، دوای ئەوەی ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان چەندین جار زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لەبارەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی شەڕی نزیکەی پێنج مانگەی سەر کەرتی گەمارۆدراو لێدا.

بڕیارە لە کۆبوونەوەی مانگی ڕابردووی پاریس لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئیسرائیل، میسری و قەتەردا، پێشنیاری ئاگربەستەکە تاوتوێ بکرێت.

لەم ئاگربەستەدا پێشنیار کراوە  بۆ ماوەی شەش هەفتەی سەرەتایی شەڕەکان ڕاگیرێت، لە کاتێکدا حەماس بارمتەکان ئازاد دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی.

داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان