ئاسایشی رۆژاڤا ئەنجامی هەفتەی یەکەمی هەڵمەتە ئەمنیەکەی کامپی هۆلی راگەیاند

هۆل – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی هەفتەی یەکەمی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی “مرۆڤایەتی و ئاسایش”یان لە کەمپی هۆل ئاشکرا کرد، کە بە پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەردەوامی هەیە.

لە راگەێنراوێکدا بۆ ڕای گشتی، “ئاسایش” رایگەیاند، “پشکنینیان بۆ زیاتر لە 50%ی کامپەکە کردووە و شەن و کەویان کردووە.”

ئاماژەیان بەوەشکرد، 121 کەس بەتۆمەتی لایەنگیری دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” دەستگیرکراون، کە 15یان ژنن.

هەروەها ڕایانگەیاندووە کە 16 تونێل دۆزراونەتەوە کە ئەو شانانە بۆ خۆدزینەوە یان هەڵاتن لە کامپەکە بەکاریان هێناوە، هەروەها چەندین کەلوپەل کە بۆ هەڵکەندنی تونێل بەکارهاتووە.

ئاماژەشیان بەوەکردووە، 119 خێوەت کە وەک شوێنی مەشق و دادگای شەرعی بۆ ئەشکەنجەدان و کوشتن بەکاردەهێنران لابراون، هەروەها دەست بەسەر 48 مۆبایل و تابلێتی زیرەک و کۆمپیوتەر و لاپتۆپ و دوو هارددیسکدا گیراوە، بەتایبەتی بۆ پەیوەندیکردن لە نێوان شانەکاندا بەکار هاتوون.

بەپێی بەیاننامەکەی “ئاسایش” دەست بەسەر تەقەمەنی و چەکی “M16” و جلوبەرگی سەربازیشدا گیراوە کە نیشانەی سەربازی سوپای تورکیا و ئاڵای تورکیای لەسەرە.

بەپێی بەیاننامەكە، دەرەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لەگەڵ زۆربەی گیراوەكاندا، دەریانخستووە كە پەیوەندی نزیك و هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ شانە نووستووەكانی دەرەوەی كامپەكەدا هەیە، بەتایبەتی ناوچە داگیركراوەكان كە لەلایەن هەواڵگری توركیاوە پاڵپشتی دەكرێن، هەروەها بیابانەکانی سوریا و سنوورەکانی عێراق.

ئاسایش ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو بڕە زۆرەی ئەو ئامێرانەی ئەشكەنجە و كوشتن كە لەلایەن هێزەكانمانەوە دۆزراونەتەوە، كە شانەكانی ئەو رێكخراوە لە کردەوەکانیاندا دژ بە دانیشتوانی كامپەكە بەكاریان هێناوە، هەروەها ئەو چاڵانەی كە بۆ دادگایی كردنی قوربانیان بەكار هێنراون و  پاشان بە شێوازی دڕندانە کوژراون، پێداگری ئەم شانانە پشتڕاست دەکەنەوە بۆ بەردەوامبوون لە رێبازی تاوانکارانەی داعش”