تورکیا سنووری ئامێدی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات

هەولێر– نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، تۆپخانەكانی توركیا سنووری ئامێدییان بە چڕیی بۆردوومانکرد و تا ئێستا زیانەکان نەزانراون.

ئاژانسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە زاری شایەتحاڵ وپەیامنێرانیانەوە بڵاویانکردەوە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە چڕی سنوری ئامێدی لەلایەن توركیاوە بۆردوومانکراوە و ئەمەش لە چوارچێوەی بۆردوومانە بەردەوامەکانی تورکیادا دێت لە دەڤەری ئامێدی، بەبیانووی هەبوونی چەكدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) لەو سنوورە.

بۆردوومانەكە ترس و دڵەراوكێی لای دانیشتووانی دەڤەری ئامێدی و سنووری مەتیانی سەر بە ئامێدی درووستكردووە.

هەروەها لە كاتی بۆردوومانەكەدا، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاوەتەوە و چاودێری دۆخەكەی كردووە.