وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌ركێك بۆ پاراستنی كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كانی ده‌ریای سوور ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ یه‌کێتیی ئه‌وروپا رایگه‌یاند ئه‌ندامانی ئاماده‌ن یه‌کگرتوو بن بۆ ئه‌وه‌ی تا ناوه‌ڕاستی مانگی شوبات ده‌ست بكه‌ن به‌ پاراستنی كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كانی ده‌ریای سوور له‌ هێرشی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن.

شەممەی ڕابردوو حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند توانای نوقمکردنی کەشتی و کەشتییە جەنگییەکانیان هەیە لە هەر سێ دەریای سوور و دەریای عەرەبی و دەریای ناوەڕاست.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، وڵاتانی ئەندامی ئەو بلۆکە دەیانەوێت تا ناوەڕاستی مانگی شوبات ئەرکێک لە دەریای سوور دەستپێبکەن، بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە هێرشی گرووپی حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، و پێکهاتەی فەرماندەییەکەی یەکلایی بکەنەوە .

ناوبراو بۆ ڕۆژنامەنوسان پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا وتی هەموو وڵاتانی ئەندام ئامادە نابن بۆ بەشداریکردن، بەڵام هیچ لایه‌ك ڕێگری لەم بابه‌ته‌ ناکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵێک هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەی کە سەرکردایەتی ئەرکەکە دەکات، هەروەها بۆ دیاریکردنی بارەگاکانی، کێ بەشداری دەکات و دیاریكردنی لایه‌نی دارایی.

بۆرێل ڕوونیشی کردەوە کە چالاكییه‌كه‌ی یەکێتی ئەوروپا ناوی “ئەسپیدز” بە واتای پارێزەر دەبێت و ئەرکەکەی پاراستنی بازرگانی و ڕێگریکردنە لە هێرشەکان، بەڵام بەشداری ناکات له‌ هێرش بۆ سەر حوسییەکان.

داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی