لە دوورگەیەکی یۆنان دەیان کۆچبەر رزگارکران و تەرمی دوو کۆچبەریش دۆزرایەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان، ڕزگارکردنی 57 کۆچبەر و دۆزینەوەی تەرمی دوو كۆ چبەری راگەیاند کە ژن و پیاوێکن،  لە كەنارێكی دوورگەی لێسبۆس.

وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئاماژەی بەوەكردووە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەو كاتەی کۆچبەرەکان گەیشتوونەتە کەنار دەریاکە، کەشوهەوای دەریای ئیجە نالەبار بووە، پێدەچێت کەسێکی دیکە بێسەروشوێن بێت.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕەگەزنامەی ئەو دوو تەرمە و پەنابەرە ڕزگارکراوەکانی ڕانەگەیاندووە.

هەفتەی ڕابردووش دەسەڵاتدارانی قوبرس ڕزگارکردنی 60 کۆچبەری سورییان لە بەلەمێکی بچووک لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە راگەیاندبوو.

دووشەممەی ڕابردوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ئاشكرایكرد، لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە تا ئێستا نزیکەی 100 کەس لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان دیارنەماون.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە