کوژانی شەش چەکدار و بەرپرسی سەر بە ئێران بە بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە چواردەووری دیمەشق
دیمەشق – نۆرس پرێس
بە هۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشووری دیمەشقی پایتەختی سووریا، شەش چەکدار و بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی و عێراقی کوژران.
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی حکومەتی سووریاوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لەنێو کوژراوەکاندا دوو هاووڵاتی سووری هەیە.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە سووریا، لە رێگەی پلاتفۆرمی (ئێکس)ەوە رەتیکردەوە هیچ بنکەیەکی راوێژکاری کۆماری ئیسلامی ئێران کرابێتە ئامانج و رایگەیاند، “هیچ ئێرانییەک لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق نەکوژراوە”.
لە 20ی کانوونی دووهەمدا، ئیسرائیل باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی لە گەڕەکی “مەززە” لە دیمەشق کردە ئامانج و پێنج چەکدار و سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران.
لەکاتێکدا سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی فەرمیی “سانا”ی راگەیاندبوو، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر چەند پێگەیەکیان، لە باشووری دیمەشق، چەند “چەکدار و هاووڵاتی سڤیل” کوژراون.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بۆردومانەکە لە ئاراستەی جۆلانەوە بووە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.