مەزڵوم عەبدی سەرکۆنەی هێرشی سەر بنکەکەی ئەمریکا لە ئوردن دەکات

قامشلۆ  – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان، بەئامانجکردنی بنکەکەی ئەمریکای لە ئوردن، لە نزیک سنووری سووریا سەرکۆنە کرد، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 3 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 34 سەربازی دیکە.

سوپای ئەمریکا بە هاوبەسی لە گەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە”، ئەرکی ریشەکێشکردنی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە ناوچەکە گرتووەتە دەست، توانیان لە ساڵی 2019دا کۆنترۆڵی پاککردنەوەی جوگرافیای ناوچەکە بکەن و لەو رێکخراوە توندڕەوە پاکیکەنەوە.

عەبدی لە روپەری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی “ئێکس” رایگەیاند، “ئێمە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین، کە بنکەی ئەمریکی لە ئوردن کردە ئامانج، هاوکات سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو سەربازە ئەمریکییانە دەکەین کە گیانیانلەدەستدا وهیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان دەخوازین”.

لە هەمان کاتدا  هەموو هەوڵێکی بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و نانەوەی دووبەرەکی رەتکردەوە و گوتیشی: “هەوڵی هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژ بە تیرۆردا بەرز هەڵدەسەنگێنین”.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش