داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانج کردنی ئۆتۆمبیلێکی سەربازی هەسەدە راگەیاند

دێرەزوور- نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بە بۆمبی چێنراو، لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزور لە رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی ئەعماق، کە ئاژانسێکی ئەلیکترۆنی نزیکە لە رێکخراوەکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، چەکدارانی رێکخراوەکە، بە بۆمبی چێنراو، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هێزەکانی هەسەدەیان لە نزیک وێستگەی ئاوی زەر کە 35کم لە گوندەواری رۆژهەڵاتی  دێرەزوور دوورە، کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی تێکشکانی ئۆتۆمبیلەکە و برینداربوونی ئەو ئەندامانەی کە لەناویدا بوون.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی بە نۆرس پرێسی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێكی سه‌ربازی هەسەدە به‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی شارۆچكه‌ی زە‌ر له‌ گوندەواری رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور تێپه‌ڕی، بۆمبێکی چێنراو ته‌قیوه‌ته‌وه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی زیانی گیانی یان ماددی هەبێت.

سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە چڕانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیپێکردووە، لەم دواییانەدا، گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور زیادبوونی حاڵەتەکانی تیرۆرکردنی بەخۆوە دیووە کە ئەندامانی هەسەدە و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتی هۆزەکان و دانیشتوانی سڤیل، دەکەن بە ئامانج.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگایەکی سەربازیی هەسەدە لە شارۆچکەی زەر، لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، راگەیاند.