باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆری کرد، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و گوتی: “هێرشەکە بووەتە هۆی تێکدانی ژێرخان و بچڕانی وزەی کارەبا لە ملیۆنان کەس.”
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاند: “سەرکۆنەی ئەو هێرشەی دوێنیی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەم، هێرشەکە بووەتە هۆی تێکدانی ژێرخان و پچڕانی تەزووی کارەبا لە ملیۆنەها کەس لە ناوەندی وەرزی زستاندا.”
باڵیۆزەکە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە و گوتی: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردنی سەروەریی عێراق دەمێنێتەوە.”
شەوی پێنجشەممە، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
کێڵگەی کۆرمۆر، کە دەکەوێتە قەزای چەمچەماڵەوە و سەر بە پارێزگای سلێمانییە، کۆمپانیای دانە غاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.