دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا، بە ئامادەبوونی بەرپرسی فەرمانگەی ئاسایشی نیشتمانی و راوێژکاری کاروباری ئاسایش لە سکرتاریەتی گشتیی سەرۆکایەتی کۆماری، لەگەڵ سەرکردەکانی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کۆبووەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “لەکۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانی دوای ئەو داڕشتنەوەیە، کە لە بواری ئەمنیدا روودەدات و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان”.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەی داڕشتنەوە پەیکەرییە “دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای هێزە ئەمنییەکان لە قۆناغی داهاتوودا، هەروەها پەرە بە ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەدات.”
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە لە کۆبوونەوەکەدا نەخشەڕێگای ئەمنییان بەپێی دیدگا ستراتیژییەکان داڕشتووە بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و مەترسییە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆییەکان.