ئاستانەی 21 و پرسی نزیکبوونەوەی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە
دیمەشق– نۆرس پرێس
بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاند، لە خولی 21ی کۆبوونەوەکانی ئاستانەدا باس له دۆسیەی نزیکبوونەوەی نێوان سووریا و تورکیا دەکرێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیاوە تووشی چەقبەستن بووە.
دوێنێ چوارشەممە، خولی بیست و یەکەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانە لە پایتەختی کازاخستان دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمڕۆ بە دەرکردنی راگەێنراوێک کۆتایی پێبێت.
حسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق، بە ماڵپەڕی ناوخۆیی “ئەسەر پرێس” کە لە حکومەتی سووریاوە نزیکە، رایگەیاند، ئێران هەوڵدەدات، لەم خولەی ئاستانەدا، کۆتاییبەو دۆخە نادڵنیاییە بهێنێت، کە تووشی پەیوەندییەکانیان بووە لەگەڵ ئەنقەرەدا، لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیاوە.
لە چوارچێوەیەکی دیکەدا، عەلی ئەکبەر خاجی، یاریدەدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی “هەوڵ دەدات بۆ لێکنزیککردنەوەی تورکیا و حکومەتی سووریا و گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان”.
هاوکات، ئەحمەد یەڵدز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەسەر پێویستی “دەستبەجێ چڕکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی” کردەوە.
ئەکبەر خاجی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا لە لێدوانەکانیدا گوتی: “تاران و ئەنقەرە لە پەیوەندییەکی باش و دۆستانەدا بەهرەمەندن و رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە بەرقەرارکردنی ئاسایش لە سەرتاسەری ناوچەکەدا”.
تورکیا لە دوای قۆناغی یەکەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانە بەشێکی زۆری خاکی سووریای داگیرکردووە، هەروەها هێرشەکانی لە نێوان خولی بیستەم و خولی کۆتاییدا، لە رۆژئاوای کوردستان پەرەپێداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەڕەشەکانی بەردەوامە بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی.
خاجی گوتی: “رێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەریەک لە ئێران و تورکیادایە”.
دیپلۆماتکارە ئێرانییەکە جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی “هیچ هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەدوور نازانێت”.
لە کاتێکدا نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە سووریا، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ” لەم کاتەدا کۆبوونەوەکانی ئاستانە گرنگە، بە هۆی رووداوە نائارامکەرەکانی جیهان و پەرەسەندنە گرژەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
بە ئاماژەدان بەوەی کە “کۆدەنگییەکی گەورە لەسەر دانوستانی دووقووڵی و سێ قۆڵی هەیە، نەک تەنها لە نێوان وڵاتانی بەڕێوبەری دانیشتنەکان، بەڵکو لەگەڵ هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بەو قەیرانەوە هەیە”.
ئەحمەد تەمعە، سەرۆکی شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ دانوستانەکانی ئاستانە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دانوستانەکانی ئاستانە “بۆ ساردکردنەوەی واقیعی سەربازیی لەسەر زەوی و گەیشتن بە ئاگربەستی کۆتایی بوو وەک ئامادەکارییەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی لە سووریا”.
جەختیشی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکانی ئاستانە “گرنگییەکی زۆریان هەیە، چونکە گەرەنتی دامەزراندنی ئاگربەستەکە دەکات، دڵنیای دەدات لەوەی کە پێشێلکارییەکان چارەسەر دەکرێن و دڵنیایی دەدات لە رێگەی گفتوگۆکانەوە لە هەموو دۆسیە نەگۆڕەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەرێگەی دانوستانەکانی ئاستانەوە، هەوڵدەدەن “رێگا خۆشبکەن بۆ چارەسەری سیاسی داهاتوو کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەپێی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش جێبەجێ دەکرێت”.