دیمەشق– نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئەمریکا و عێراق بە نیازن دەست بە دانوستانەکان بکەن، سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی سەربازی لەو وڵاتە، ئاماژە بەوەشکراوە کە کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق “نزیک نییە”.
دوێنێ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نامەیەکی پەیوەندیدار بە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانێتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و دامەزراندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی بە وەزیری دەرەوەی عێراق گەیاند، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەو پرۆسەی، کە بەهۆی شەڕی کەرتی غەززەوە وەستاوە.
لەسەر داوای حکومەتی عێراق 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق لە ساڵی 2021ەوە کاردەکەن بۆ پێشکەشکردنی راوێژ و هاوکاری، دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا کۆتاییهاتنی رۆڵی شەڕکەری خۆی لەو وڵاتە راگەیاند.
سەرچاوەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، رەنگە پرۆسەکە چەند مانگێک تا ساڵانێک بخایەنێت، ئاماژەشیان بەوەش کردووە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا “نزیک نییە”.
واشنتۆن و بەغدا “بەمزووانە” دانوستانەکان لەسەر ئایندەی بوونی سەربازی ئەمریکا لەو وڵاتە دەست پێدەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراقەوە بەردەوام داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دووپات دەکاتەوە.
هاوینی رابردوو، ئەمەریکا و عێراق رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکاش بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد.
سێشەممەی رابردوو، دوابەدوای دوایین ئەو بەئامانجگرتنانەی واشنتۆن دژ بە گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “هێرشەکان رێکەوتنەکان و لایەنە جیاوازەکانی هاوکاری ئەمنی هاوبەش تێکدەدەن” لەکاتێکدا هەردوو وڵات کاردەکەن بۆ “دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان”.
داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان