گەڕی 21ەمینی دانیشتنەکانی ئاستانە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا بەڕێوەچوو

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، کارەکانی کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سووریا، کە ناسراوە بە ئاستانە، لە گەڕی21ەمینیدا و لە پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو و سبەی پێنجشەممەش بەردەوام دەبێت.

لە ساڵی 2017ەوە تا ئێستا دانوستانەکانی ئاستانە 21 کۆبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، کە دوو دیداریان لە هاوینەهەواری سوچی رووسیا، لە کەنارەکانی دەریای رەش ئەنجامدراوە.

پێش دیدارەکە، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، دانیشتنەکانی ئاستانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا لە سەروبەری ئەو گرژییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، گرنگە و لەسەر داوای وڵاتانی گەرەنتیکەر، بە ئامانجی پاراستنی چارەسەرکردنی قەیرانەکە، بەڕێوە دەچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گەشتە دەرفەتێکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەت، لەوانە گرژییەکانی سەر سنوورەکانی سووریا-ئوردن و سووریا-عێراق.

لە دوایین خولی کۆبوونەوەکانی ئاستانەدا، تیشک خرایە سەر پرۆسەی ئاساییکردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ناکۆکی نێوان هەردوولا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا بەردەوامە.

وا چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا راگەێنراوێکی کۆتایی دەربکرێت، کە شاندەکانی وڵاتانی گەرەنتیکەری پڕۆسەی ئاستانە، کە (رووسیا، ئێران، تورکیا) تیایدا ئامادە دەبن و(نەتەوەیەکگرتووەکان، ئوردن، لوبنان و عێراق) وەک وڵاتانی چاودێر ئامادە دەبن.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە