هەولێر- نۆرس پرێس
درەنگانی شەوی چوارشەممە لە بەسرە شەڕە تەقە لەنێوان چەکدارانی عەسائبی ئەهلی حەق و سەرایا سەلام روویدا و بەپێی ئامارەکان، کوژراو و بریندار هەن، دواتر هێزێکی زۆری سوپا بڵاوەیپێکراوە، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و چەند کەسێکیش لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون.
میدیا عەرەبییەکان، شەوی رابردو لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسرەوە بڵاویانکردەوە،”دو بەرپرسی هێزەکانی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر لە پارێزگاکە کوژراون، دواتریش هێزە ئەمنی و چەکدارییەکان بە شەقامەکانی پارێزگاکەدا بڵاوبونەتەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا رویداوە”
هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لەبارەی ئەو زانیاریانەی لەبەشێک لە میدیاکان بڵاوکرانەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا هاتوە،”بەشێک لە میدیاکان زانیاری دژ بەیەک لەبارەی دروستبونی روداوێکی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە بڵاودەکەنەوە، ئەوەی رویداوە روداوێکی کوشتن بوە لەناو سەنتەری پارێزگاکەدا، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک گومانلێکراویان دەستگیرکردوە، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردوە، دۆخی ئەمنی شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیانپێکراوە و بارودۆخ هێمن بوەتەوە”.