پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی لەسەر ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دەربڕی

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ ، پەرلەمانی تورکیا ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد تایبەت بە پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ، ئەمەش دوای 20 مانگ لە پێشکەشکردنی داواکارییەکەی ستۆکهۆڵم، دوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.

ڕەشنووسی یاساکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکرێت بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات و هەنگاریاش تاکە ئەندامە کە ڕازی نەبووە بە پەیوەستبوونی سوید. پەرلەمانی هەنگاریا تا ناوەڕاستی مانگی شوبات لە پشوودایە .

دوای سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکراینا، فینلاند و سوید داواکارییان پێشکەش کرد بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ و فینلاند لە 4 ی نیساندا بوو بە سی و یەکەمین ئەندامی هاوپەیمانییەکە.

تورکیا پەسەندکردنی داواکارییەکەی سویدی دواخست و تۆمەتباری کرد بە نەرمی نواندن لەگەڵ گروپەکانی دژبەری ئەنقەرە و چالاکوانانی کورد، ستۆکهۆڵم دەستووری خۆی هەموارکردەوە و دوای تۆمەتەکانی تورکیا یاسایەکی نوێی دژە تیرۆری پەسەند کرد.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەم پەسەندکردنەی گرێدابوو بە پەسەندکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ داواکاری ئەنقەرە بۆ کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 هەروەها داوای لە کەنەدا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆ کرد گەمارۆی چەک هەڵبگرن کە بەسەر تورکیادا سەپێنراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا جێف فلەیک باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە سەرنجی لەسەر بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا دا و لە بەیاننامەیەکدا وتی: بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا زۆر بەرز دەنرخێنم بۆ پەسەندکردنی پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ، هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکە.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش