ئوردن وەڵامی سوریا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر و چەک
دیمەشق – نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، دووپاتی دەكاتەوە قاچاخی مادەی هۆشبەر و چەک لە سنووری سوریاوە بۆ ناو شانشینی ئوردن هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و ئوردن بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە و هەموو ئەوانەی لە پشتیەوەن.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی سوریا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئوردنی بۆ سەر خاکی سوریا سەركۆنە کرد و بە ناڕەوای وەسف كردبوو، بەتایبەتی کە بووەتە هۆی زیانی گیانی لە نێو هاوڵاتیانی مەدەنی.
لای خۆیەوە سوفیان قەزات وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لە میانی کۆبوونەوەکانی ئەو لیژنە هاوبەشەی کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە پێکهێنرابوو، ناوی قاچاخچی و ئەو لایەنانەی لە پشتیەوەن، لەگەڵ شوێنی دروستکردن و هەڵگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و هێڵەکانی قاچاخکردنیان، کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادایە بۆ حکومەتی دیمەشق روونكردووەتەوە، بەڵام حکومەتی سوریا هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینەی بۆ نەهێشتنی ئەم مەترسییە نەگرتەبەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخکردنی مادەی هۆشبەر و چەک لە سوریاوە بۆ ئوردن، بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی هێزەکانیان ناوبراو جارێكی تر ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ وەستاندنی كاری قاچاخچێتی و لێپرسینەوە لە تاوانباران و لایەنگرانیان.