رێکخراوێکی تورکی ئۆردوگایەکی نیستەجێبوونی نوێ بۆ هاوردەکان لە گوندەواری عەفرین دەکاتەوە

عەفرین – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی “ئۆرەنج” کە مۆڵەتی فەرمی لە تورکیا هەیە، بە هەماهەنگی و پشتیوانی تورکیا، ئۆردوگایەکی نیستەجێبوونی نوێ بۆ هاوردەکان لە نزیک گوندی قەتمە لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو کردەوە.

تورکیا بە پشتیوانی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆن دڵسۆزیان، لە دوای لەشکرکێشیەکەی لە 20ی کانوونی دووهەمی 2018ەوە، لە سیاسەتی سیستماتیکی گۆڕینی دیمۆگرافی و ناسنامەی عەفرین بەردەوامە.

کارگێڕێک لە رێکخراوەکە بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئۆرەنج”، بە پاڵپشتی و هەماهەنگی رێکخراوی فریاگوزاری تورکیا و رێکخراوێکی دیکەی تورکی، ئەمڕۆ لە کێوی قەتمە لە رۆژهەڵاتی عەفرین، شارۆچکەی “ئەلسەلام”ی کردەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆردوگاکە نزیکەی 600 یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، کە پێکهاتووە لە “کەرەڤانەی”ی ئامادەکراو و دەدرێت بەو خێزانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە کە لە 6ی شوباتی رابردوودا ناوچەکەی گرتەوە.

“ئۆرەنج” رێکخراوێکی تورکییە و بارەگاکەی لە شاری غازی عەنتابە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا لقی هەیە و “کار لەسەر دابینکردنی بەرنامەی مرۆیی و گەشەپێدان” دەکات.

ئەم سێیەمین ئۆردوگای نیشتەجێبوونە لە کێوی قەتمە، هەروەها 38هەمینە لە ناوچەی عەفرین، کە نزیکەی ساڵێکە ناوچەکە زیادبوونی بەرچاوی بنیاتنانی ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوون بەخۆوە دەبینێت، بە بیانووی رادەستکردنیان بەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ئامادەکردنی: ئەسعەد ئەلحاج – داڕشتنەوەی: مالین محەممەد