دیمەشق سەرکۆنەی بۆردوومانەکانی ئوردن دەکات لە سنووری باشووری لە گەڵ سووریا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئوردنی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و بە “ناڕەوا”ی ناوبرد، بەتایبەتی کە بووەتە هۆی زیانی گیانی “لە نێو هاووڵاتیانی سڤیلدا”.
پێنجشەممەی رابردوو، زیاتر لە 10 کەس بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییانەوە کوژران، کە پێدەچێت ئوردن لە گوندەواری سوەیدا ئەنجامیدابێت، لە سنووری باشووری لە گەڵ سوریا.
ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئوردن دژ بە قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامدرابوون، کە دەڵێن لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا “نیگەرانی قوڵی” خۆی رایگەیاند؛ بۆ ئەو هێرشە ئاسمانیانەی، لەلایەن هێزی ئاسمانی ئوردنەوە ئاراستەی چەند گوند و ناوچەیەکی ناو خاکی سووریا کرابوو.
ئاماژەیان بەوەشکرد: “سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ پاساوێک بۆ ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە لە ناوخۆی خاکی سووریادا نییە، لە هەمان کاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنییان دەدات، لەبەر نیگەرانی بۆ سەرنەکێشانی گرژی و کاریگەری لەسەر پەیوەندی برایەتی نێوان ئەو دوو وڵاتە”.
ئەوەش خراوەتەڕوو: “سووریا تێبینی ئەو پەیامانە دەکات کە وەزیرانی کاروباری دەرەوە، بەرگری و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان لە سووریا ئاراستەی هاوتاکانیان لە شانشینی هاشمی ئوردن ناردووە، کە تێیدا پێشنیاریان کردووە هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان”.
دەشڵێن، ئەو پەرەسەندنە سیاسی و میدیایی و سەربازییەی لە چەند مانگی رابردوودا بینراوە “بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو بڕگانەدا ناگونجێت، کە لە نێوان لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولادا لەسەری رێککەوتوون”.