دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، دادگای لاهای لە هۆڵەندا، سزای 12 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەندامێکی (سووری-فەلەستینی) میلیشیایەکی سەر بە هێزەکانی حکومەتی سووریادا دەرکرد، بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەهۆی کردەوەی ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی نایاساییەوە لە سووریا.
سزادراوەکە لە مانگی ئایاری 2022دا، بە پشتبەستن بە سکاڵایەک کە ناوەندی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕینی سووریا پێشکەشی کردبوو، دەستگیرکرابوو، بەو پێیەی پێشتر ئەندامی لیوای قودسی لایەنگری ئێران بووە.
تاوانبارەکە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، هەروەها تێوەگلاوە، لانیکەم لە دوو تاوانی دەستگیرکردنی توندوتیژی هاوڵاتیانی سڤیلدا و مامەڵەی خراپ لەگەڵ هاوڵاتیانی سڤیل لە کاتی دەستگیرکردنیاندا.
یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنەکەی لە 30ی ئەم مانگەدا دەستیپێکرد، لەکاتێکدا ئەو رەتیکردەوە وەڵامی هیچ پرسیارێکی لێکۆڵەرانی داواکاری گشتی و دواتر دادوەرەکان بداتەوە سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کرابوون، دووپاتیکردەوە کە “پارێزگار لە مافی بێدەنگبوون و وەڵامنەدانەوە دەکات”.