بنەماڵەی بێسەروشوێنانی دێرەزوور داوا لە قوبرس دەکەن چارەنووسی رۆڵەکانیان ئاشکرا بکات

دێرەزوور – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بنەماڵەی بێسەروشوێنەکانی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، داوایان لە حکومەتی قوبرس کرد چارەنووسی رۆڵەکانیان ئاشکرا بکەن، کە لە ئاوەکانی قوبرس پەیوەندی لەگەڵیاندا بچڕاوە.

سەرەتای هەفتەی رابردوو پەیوەندی لەگەڵ بەلەمێکدا بچڕا، کە 60 کۆچبەری هەڵگرتبوو و دەیانویست بەرەو ئەوروپا بڕۆن، دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی لوبنانەوە بەڕیکەوتن و چوونە نێو ئاوە ناوچەکانی قوبرسەوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا شەش تەرمیان دۆزییەوە، کە پێدەچێت هی ئەو کۆچبەرە سوورییانە بن کە بەنیازی کۆچکردن بوون لە لوبنانەوە بەرەو قوبرس و پەیوەندی لەگەڵیاندا بچرا.

بنەماڵەی ئەو بێسەروشوینانە، پێش ئەوەی لە بەلەمەکەدا بەڕیکەون، پەیوەندییان لەگەڵ رۆڵەکانیاندا هەبووە و بە کەسوکاریان راگەیاندووە، کە ئەو بەلەمە خۆی بۆ هەڵگرتنی 35 کەس دروستکراوە، بەڵام قاچاخچییەکان 60 کەسیان لێ بارکردووە.

بە گوتەی یەکێک لە بنەماڵەی بێسەروشوێنەکان، 20 کەس خەڵکی شارۆچکەی ئەلشنان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لەو بەلەمەدا بوون، کە پەیوەندی لە گەڵ بچڕاوە.

کەسوکاری بێسەروشوینان داوایان لە دەسەڵاتدارانی قوبرس کرد چارەنووسی رۆڵەکانیان ئاشکرا بکەن، چونکە پێشبینی دەکرێت دەستگیر کرابن و ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیان لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی قوبرسەوە دەستی بەسەردا گیرابێت، بەتایبەتی کە بەلەمەکە جی پی ئێسی تێدایە.

 یەکێکیان لە خانەوادەکانی بێسەروشوێنەکان بە نۆرس پرێسی گوت: “ئەگەر شتێکی خراپیان بەسەردا هاتبێت، یان خنکابن، هەواڵەکەمان دەبیست”.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان