حوسییەکانی یەمەن بەڵێنی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەدەن

دیمەشق – چاپخانەی باکوور

حوسییەکانی یەمەن بەڵێن دەدەن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان وەڵامی هێرشە هاوبەشەکانی بەریتانیا و ئەمریکا بدەنەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پێنتاگۆن، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حوسییەکان، لە سەنعای پایتەختی یەمەن و ژمارەیەک پارێزگای دیكەی یەمەن راگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد هێرشەكان سەکۆکانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کۆگاکانی تەقەمەنییان کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی (X) ئاشكرای كردووە، فڕۆکەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا 18 هێرشیان كردووەتە سەر حوسییەكان لەناو یەمەن، دەشڵێت ئەم هێرشانە بێ وەڵام و سزا تێناپەڕن.

لای خۆیەوە محەمەد عەلی حوسی ، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی حوسییەکان، ، لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی (X)ەوە پەیامی توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کردووە.

هەر لە کاردانەوەی هێرشەكانیش حوسییەکان داوایان کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە یەمەن لە ماوەی مانگێکدا فەرمانبەرە ئەمریکی و بەریتانیاییەکانیان دەربكەن.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گروپی (ئەنسار ئەڵڵا)ی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی راگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی ئەو گروپە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە 16 ی شوباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پۆلێنکردنەکە ئامرازێکی گرنگە بۆ رێگری لە پارەدارکردنی تیرۆریستی بۆ حوسییەکان، زیاتر سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە بازاڕە داراییەکان و لێپرسینەوە لەگەڵیان.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان