وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ چالاکی راوێژکارە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چالاکیی راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لە “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت”.
ئەو لێدوانەی وەزیری کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای کوژرانی پێنج راوێژکاری سوپای پاسداران هات، کە دوێنێ لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆسەر ناوچەی مەززە لە دیمەشق کوژران.
عەبدوڵڵاهیان دەڵێ: “کیانی ئیسرائیل هاوبەشی سەرەکی بزووتنەوە تیرۆریستییەکان و دوژمنی یەکەمی ئاسایشی ناوچەکەیە”.
هەروەها سەرەخۆشی خۆی بۆ کوژرانی راوێژکارانی ئێران لە سووریا دەربڕی.