وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی بۆردوومانەکەی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر دیمەشق

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سووریا بۆردومانەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچەی مەززە لە دیمەشق سەرکۆنە کرد، کە بووە هۆی کوژرانی چوار ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی ئەندامانی لە سووریا پشتڕاست کردەوە، هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، لە نێو کوژراواندا “بەرپرسێکی باڵا” هەیە، کە لە “یەکەی زانیاری”ی سوپای پاسداران کاردەکات، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو باڵەخانە چەند نهۆمییەی لەلایەن راوێژکارە ئێرانییەکانەوە بەکاردەهێنرا، کە پشتگیری لە حکومەتی سووریا دەکەن، بە تەواویی لەناوچووە و تەختی زەوی کراوە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە رێگه ی راگەێنراوێکەوە داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، “تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی کیانی زایۆنی رابگرن، بەرامبەر بە خەڵکی سڤیلی بێتاوان و موڵک و ماڵیان، کە ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە و جیهان دەشێوێنن”.

راشیانگەیاندووە، “ئەو دەستدرێژییە وامان لێدەکات، سوور بین  بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەم پلانە نامرۆڤانەی زایۆنی و بەرنامەی جینۆساید و پاکتاوکردنی نەتەوەیی، کە لەلایەن قەوارەی ئیسرائیلەوە بە هەموو رەهەند و کاریگەرییەکانییەوە بەبێ رەچاوکردنی یاسا و رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان پراکتیزە دەکرێت”.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش