رەئیسی بۆ ئیسرائیل: ئەم تاوانە بێ وەڵام نابێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، بەڵێنیدا، وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە کە باڵەخانەیەکی لە دیمەشق کردە ئامانج و بەهۆیەوە چەند راوێژکارێکی سەربازی ئێران کوژران، گوتی: “ئەم تاوانە بێ وەڵام نابێت”.

دوێنێ، سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی 4 راوێژکاری سەربازی ئێرانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی حکومەتی سووریای راگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کە باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەززەی لە دیمەشقی پایتەختی کردە ئامانج.

دوێنی، رەئیسی لە پەیامی سەرەخۆشیدا بۆ بنەماڵەی راوێژکاران گوتی: “جارێکی دیکە قەوارەی تاوانکاری زایۆنیستی ئاسمانی سووریای پێشێل کرد و دەستدرێژی تیرۆریستیی دەستپێکرد، ئەمەش بێ وەڵام نامێنێتەوە”.

ئیسرائیل و ئێران بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر یەکدی و بەمدواییانە قەبارەی هێرشەکانیان زیادی کردووە، بە تایبەت لەدوای سەرهەڵدانی جەنگ لە غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە، دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی سەیدە زەینەب لە گوندەواری دیمەشق، کە لە ئەنجامدا کوژرانی رەزا موسەویی گەورە راوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێرانی لێکەوتەوە.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد