ئەوروپا لە بەردەم داخستنی هێڵێکی تری گازی ڕووسیدا “بە بیانووی چاککردنەوە”
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ، چوارشەممە، کۆمپانیای وزەی ڕووسی، “گازپرۆم”، ڕاگرتنی دابینکردنی گازی لە ڕێگەی بۆریی نۆرد ستریم 1 بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕاگەیاند، ئەمەش ئاستەنگەکان بۆ ئەو وڵاتانە زیاد دەکات کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە گازی ڕووسیا دەبەستن.
کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی ڕووسی ڕایگەیاندووە کە بەهۆی پاراستنی “نۆرد ستریم ١”، ڕۆیشتنی گاز بۆ ڕۆژئاوای ئەوروپا، بە تایبەت بۆ ئەڵمانیا، لە نێوان 31ی ئاب بۆ 3ی ئەیلول دەوستێت.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاری چاککردنەوەی پێویست هەیە کە “هەر هەزار کاتژمێر جارێک” ئەنجام دەدرێت.
بەڵام ئەوروپا کە زۆر پشت بە گازی رووسیا دەبەستێت، مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی وزە وەک “چەک” بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا رووسیا سوورە لەسەر ئەوەی کە پچڕانی پێداویستییەکان بەهۆی سزاکانەوەیە لە دوای شەڕی ئۆکرانیاوە.
رووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە، جگە لەو کێشە تەکنیکیانەی کە بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە دروست دەبن، هیچ لاریەکیان نییە لە ناردنی پێداویستییەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە سزاکان ڕێگە نەدەن کێشە تەکنیکیەکانی هێڵەکان چارەسەر بکرێن.
دوای سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا لە دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، مۆسکۆ ناردنی گازی بۆ بولگاریا، دانیمارک، فینلاند، هۆڵەندا و پۆڵەندا کەمکردەوە، هەروەها ڕۆیشتنی لە ڕێگەی بۆرییەکانی دیکەوە کەمکردەوە.
دوایین پچڕانی ناردنی گاز سێ ڕۆژە دوای ئەوە دێت کە بازاڕی وزە لە ئێستاوە گرژ بووە و نرخی گاز لە سەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە 400% بەرزبووەوە.
پێشتر کۆمپانیای گازپرۆم بۆ ماوەی 10 ڕۆژ پێداویستییەکانی گازی ڕاگرتبوو، بە بیانووی چاککردنەوەی “نۆرد ستریم 1” لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا.
کەمبوونەوەی نێردەی گاز لە ڕێگەی نۆرد ستریمەوە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا لەکاتێکدا پێشبڕکێ دەکەن بۆ پڕکردنەوەی دامەزراوە گرنگەکانی هەڵگرتنی گاز بەر لە هاتنی زستان، لە ترسی ئەوەی رووسیا ڕەوتی گاز بە تەواوی بوەستێنێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، ئەوروپا نیگەرانە لەوەی کە پێویستی زیاتری بە گاز دەبێت و لەڕاستیدا سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا پێشتر بانگەوازیان بۆهاوڵاتیان کردووە کە بەکارهێنانی وزە کەم بکەنەوە.
ئەم کەمکردنەوەی پێداویستییەکان، کە دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا پێیان وایە هەنگاوی بە ئەنقەستن لەلایەن مۆسکۆوە بۆ فشارخستنە سەر ئەوروپا، بەپەلەیی وڵاتانی ڕۆژئاوای کیشوەرەکە بەرەو دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤێک و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی خواست زیاد دەکات.
ڕۆژی سێشەممە، ئۆلاف شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکە بە باشی ئامادەکاری بۆ کەمبوونەوەی وزە هەیە لە ئەگەری ئەوەی ڕووسیا فشارێکی زیاتری لەسەر دابینکردنی غاز دروست بکات.
شوڵتز ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی توانای مامەڵەکردنی باشی هەیە لەگەڵ ئەو مەترسیانەی کە لەلایەن ڕووسیاوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کە گاز وەک بەشێک لە ستراتیژی خۆی لە شەڕی دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت.