بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران به‌ بۆردومانێكی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق كوژرا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، بۆردومانێكی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی مه‌زه‌ لە دیمەشقی پایته‌ختی سوریا بووە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران.

ئاژانسی هەواڵی “سانا”ی سه‌ر به‌ حكومه‌تی سوریا ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆردومانی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌زه‌ كرد.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وردەکاری لەبارەی ناسنامەی ئەو بەرپرسەی ئاشکرا نەکرد کە له‌و هێرشه‌دا كوژراوه‌، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕەزا موسەوی ڕاوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێران لە بۆردومانێكی ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچەی “سەیدە زەینەب”ی گونده‌واری دیمەشق کوژرا.

بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی “مواسات” لە دیمەشق به‌ میدیا ناوخۆییەکانی راگه‌یاند، کە ” کوژراوێك و سێ بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکە”.

ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی به‌ئامانج گیراوه‌ چوار نهۆمییه، و دەکەوێتە نزیک باڵیۆزخانەی لوبنان و 3 کیلۆمەتر لە کۆشکی کۆمارییەوە دوورە ئێستاش بەتەواوەتی وێران بووه‌.

نوێنەری “بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی” لە سوریا، ئیسماعیل سندوای، بە رادیۆی ناوخۆیی “شام ئێف ئێم”ی ڕاگەیاند، “ئەو بینایەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج لە پایتەختی سوریا هیچ پەیوەندییەکی بە بزووتنەوەی جیهادی و ئەمینداری گشتی زیاد نەخالە نییە”.

داڕشتنه‌وه‌ی: عه‌گید مشمش