به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسەر داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی ده‌كات لە پێشێلکارییەکانی تورکیا لە عەفرین
رەقە – نۆرس پرێس
ئه‌مڕۆ شەممە، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسەری له رۆژئاوای كوردستان، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی تورکیا و میلیشیاكانی لە شاری عه‌فرینی داگیركراو بكه‌ن، بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر ئه‌و شاره.
پێنجشەممەی ڕابردوو، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سکاڵای تاوانکارییان لە نوسینگه‌ی داواکاری گشتی فیدڕالی ئەڵمانیا تۆمارکرد، بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بەو “تاوان و پێشێلکارییانە” کە تورکیا و میلیشیاكانی لە ناوچەی عەفرینی داگیركراو ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیانە و پیلانی نێودەوڵەتی و چاو داخستن لە ڕەفتاره‌كانی تورکیا، چێگای شه‌رمه‌زارییه”.
ئاماژەی بەوەشکرد، له‌گه‌ل “داگیرکاری به‌رده‌وامی تورکیا” له عەفرین و پێشێلكارییه‌كانی میلیشیاكانی سه‌ر به ئه‌نقه‌ره، واده‌كات ناوچه‌كه ناسه‌قامگیربێت و چارەسەری ڕاستەقینە نه‌بینێت و ده‌بێت ناوچه داگیركراوه‌كان ئازاد بكرێنه‌وه بەتایبەتی شاری عەفرین.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆسەر داوای لە هێزه نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە له عەفرین “گەلێک ڕووبەڕووی جینۆساید ده‌بێته‌وه” له رووی گۆڕینی دیمۆگرافی، ڕفاندن، کوشتن، و هێرشکردنە سەر شوێنەوارەکان و مێژووی ئه‌م شاره.
ئاماژەدان بە پێویستی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی نێودەوڵەتی بۆ لێكولینه‌وه و گه‌ڕان به‌دوای ڕاستییەکان لە پراکتیک و هەڵسوکەوتەکانی دەوڵەتی تورکیا و میلیشیاكانی، و گه‌یاندنی راستییه‌كان به به‌رپرسان.