بەڕێوبەری خۆسەری داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات، هەست بە مەترسی هێرشەكانی توركیا بكەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان داوای لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ کرد، هەست بە مەترسییەکانی هێرشەکانی تورکیا و کاردانەوەکانیان لەسەر دۆخی مرۆیی و ئەمنی و هەوڵەکانی دژ بە تیرۆر بكەن لە ناوچەكەدا.
بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی درۆ بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان و بەڵكو دەیەوێت کۆتایی بە بوونی پرۆژەی دیموکراسی بهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا هەوڵدەدات، سود لە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت، بۆ هێرشەكانی بەكاری بهێنێت، بەتایبەتی دژی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان كە لە دژی تیرۆر خەبات دەکەن.
بەڕێوبەری خۆسەری داوا لە دانیشتوانی شار و ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان دەكات، دژی سیاسەتەکانی تورکیا بوەستن و هەڵوێست دەرببڕن بۆ ئەوەی تورکیا سەركەوتوو نەبێت لە ئامانجەکانی .