نێچیرڤان بارزانی: هێرشی درۆنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق تێکدەدەن
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ لە بەغدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی سەردانەكەی بۆ بەغداو و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق، تیشكی خستە چەند بابەتێكی پەوەندیدار بە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی ئەمنی و هێرشە درۆنییەكان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بابەتی بودجە و مووچە وتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە. ئێستاش پێویستە لە بابەتی مووچەدا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ هەموو پارێزگەکانی عێراق دەکرێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە مامەڵە بكرێت. ناکرێت بابەتی مووچە بکرێتە بابەتێکی سیاسی .
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا لەبارەی هێرشی گروپە چەكدارەكان بە درۆن بۆ سەر هەرێمی كوردستان وتی پێمانوایە هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراقیش تێکدەدەن. ئەمە بابەتێکی سەرەکی بوو کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆمان لەبارەوە کرد. هەرچەندە ئەم بابەتە گفتوگۆی زیاتری دەوێت، بەڵام هیوادارین ئەم پرسە چارەسەر بکرێت.