نێچيرڤان بارزانى: هێرشی بۆ سه‌ر هێزه‌كانى هاوپەیمانان و پێشمەرگە ئاڵۆزییەکی هەمەلایەنە لە عێراق دروست دەکات

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى يادى بيست و يه‌ك ساڵه‌ى شه‌هيدكردنى (ئايه‌توڵلا محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كيم)دا كرد كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى سه‌ركۆمار و سه‌رۆك وه‌زيران و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى سه‌ركرده‌ سياسييه‌كانى عێراق و ديپلۆماتكاران و ميوانان به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى وتارێكى پێشكه‌ش كرد، تيايدا باسى له‌ ڕابردووى سه‌رده‌مى خه‌باتى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق دژى ديكتاتۆرى و دۆخى ئێستاى وڵات كرد، هه‌روه‌ها داواى له‌ به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتى فيدراليى عێراق كرد به‌ زوويى كێشه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌خۆرانى، چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌ وتاره‌كه‌یدا وتی ئەمڕۆ ئێمه‌ سەرچاوەیەکی گرنگ و گەورەی یاساییمان هەیە بۆ پێشکەوتن و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی هاوبەشی پێکهاتەکانی عێراق. لە ساڵی 2005 ه‌وه‌ دەستوورێکمان هەیە. ڕۆحی ده‌ستوور بریتییە لە دروستکردنی دیموکراسی، دادپەروەری و دابەشکردنی دەسەڵات و سیستەمی فیدرالی. جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی، ڕابردووی جوانی کۆمەڵگەمان دەپارێزێت و ئێستا و داهاتووشمان باشتر دەکات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتیشی ئێستا کە لێرە زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانى گەورەی عێراقی دانیشتوون، داوا دەکەم هەموومان پێکەوە پابەندی ئەو دەستوورە بین. دەستوور، یەکسانيی هەموو پێکهاتە و هەرێم و پارێزگاکانی عێراق و سه‌قامگيريى وڵات دەپارێزێت.

ئێستا له‌به‌ر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین. ئەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی کردووەتە سەر هەموو کەرتەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆر پێویستە ئەو کێشە گەورەیە، بە زوویی چارەسەر بکرێت. ئەمەش بەرپرسیاريه‌تيی هەموومانە، چونکە هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان، بەشێکن لە عێراق.

بۆيه‌ داوا لە ته‌واوى سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، فراکسیۆنەکان و هه‌موو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم، پشتیوان بن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى بودجه‌ و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی عێراقى فيدراڵى بە سەرۆکایەتيی محەمەد شیاع سوودانی، بە باشی کاری کردووە، ئەوەش پێگەی عێراقی بەهێز کردووە. ئەو شێوە کارکردنە، دەتوانێ پێگەی عێراق بەهێزتریش بکات. بەڵام پێشێلکردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هێرش بۆ سەر نێرده‌ ديپلۆماسييه‌كان و هێزه‌كانى هاوپەیمانان و پێشمەرگە، کاری حکوومەت تێکدەدات و ئاڵۆزییەکی زۆر و هەمەلایەنە لە عێراق دروست دەکات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ئەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى دڵەڕاوکێ بە هەموو بازاڕی عێراقدا بڵاو ببێته‌وه‌، هەروەها دەرفەتی داوەتە تیرۆریستانی داعش کە هێرشەکانیان زۆرتر بکەن. هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوون. پێویستە دەرفەت بدرێتە حکوومەتی فیدرالی و به‌ڕێز سەرۆک وەزیران سوودانى بەپێی پلانێکی هاوبەش و له‌ زه‌مينه‌يه‌كى ئارام و بێ كێشه‌دا گفتوگۆيان له‌‌گه‌ڵدا بكات، بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر داهاتووى هاريكاريى نێوان هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و عێراق.

عێراق دەوڵەتێکى خاوه‌ن دەزگای نیشتمانيييه‌، دەبێ ئەو دەزگایانە کاری خۆیان بکەن، بە پێچەوانە خەڵکی عێراق دەخرێتە کێشە و ئاڵۆزيی تازەوە، لە کاتێکدا عێراق ئێستا زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە پێویستی بەوەیە سەقامگیرییەکەی تێک نەدرێت.