درۆنێکی تورکیا پێگەیەکی سەربازی سوپای سووریا لە گوندەواری مەنبیج دەکاتە ئامانج

مەنبیج – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا پێگەیەکی سەربازی هێزەکانی حکومەتی سووریای لە گوندەواری مەنبیج کردە ئامانج.

دووشەممەی رابردووش، بۆردومانێکی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گوندی “قرت ویران”، کە دەکەوێتە ناوچەکانی رۆژئاوای مەنبیجەوە کردە ئامانج و پێش ئەو بۆردومانەش لە 28ی مانگی رابردوودا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاوەن سێ گوندیان لە گوندەواەی مەنبیج بۆردومان کرد .

ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازی منبیج لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، “پشکنەرەکانی تورکیا” خاڵێکی سوپای سوریایان کردە ئامانج لە نزیک گوندی ئەلدەندەنیە لە گوندەواری باکووری رۆژئاوای مەنبیج.

لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی 2019ەوە، سوپای سووریا، پاش لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و رێککەوتنی ئاگربەستی لە گەڵ تورکیا بە هاوکاری رووسیا و ئەمریکا،  هاتۆتە ناو مەنبیجەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەک، هیچ زانیارییەک لەسەر زیانە گیانییەکان لەنێو هێزەکانی حکومەتدا نەبووە، لەکاتێکدا بەئامانجگرتنەکە زیانی ماڵی بە پێگە سەربازییەکە گەیاندووە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان