قامشلۆ – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی یارییەكانی جامی ئاسیای 2023 لە قەتەر دەست پێدەكات و تا دەی شوباتی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بڕیاربوو پاڵەوانێتییەکە كە پاڵەوانێتی هەژدەیەمینی جامی ئاسیایە لە چین بەڕێوەبچێت، بەڵام لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا داوای لێبوردنی کردبوو بەهۆی پەتای کۆرۆناوە نەیتوانی میوانداری یارییەكانی ئەم جامە بكات.
ئەو هەڵبژاردانەی بەشداری جامی ئاسیا دەکەن بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشکراون، هەر کۆمەڵەیەک چوار هەڵبژاردە لە خۆدەگرێت، کە لە قۆناغی یەکەمدا سێ یاری ئەنجام دەدەن.
یەكەم و دووەمی هەر كۆمەڵەیەك ڕاستەوخۆ سەردەکەون بۆ قۆناغی 16 لە کاتێکدا باشترین چوار هەڵبژاردە کە پلەی سێیەمیان بەدەستهێناوە لە شەش کۆمەڵەکەدا سەردەکەون بۆ قۆناغی داهاتوو.
پاڵەوانێتییەکە بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی قەتەری خاوەن یاریگا و لوبنان، لە یاریگای لوسێل دەستپێدەکات لە کۆمەڵەی یەکەمدا ، .
قەتەر پێشتر لە ساڵانی 1988 و 2011 میوانداری جامی ئاسیای کردبوو، هەروەها لە پاڵەوانێتی 2019 کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو، توانی نازناوەکە بەدەستبهێنێت.
یارییەکانی جامی ئاسیا لە نۆ یاریگای مۆدێرن بەڕێوەدەچن، جگە لە دوو یاریگای ناوخۆیی بە شێوازی مۆدێرن، دیارترینیان یاریگای لوسێلە، کە میوانداری یاری کۆتایی جامی جیهانی 2022 ی قەتەری کرد، کە 88 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت.
هەڵبژاردەی سوریا لە کۆمەڵەی دووەم شانبەشانی ئوسترالیا و ئۆزبەکستان و هیندستان یاری دەکات و لە حەوتەم بەشداریكردن و دووەمین بەشداریکردنی لەسەریەک لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا، هیواخوازە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بگاتە قۆناغی دووەمی ڕکابەرییەکان بە سەرکردایەتی ڕاهێنەری ئەرجەنتینی هیکتۆر کوپەر.