پێنتاگۆن ژمارەی هێرشەكانی سەر بنكە ئەمەریكییەكان لە عێراق و سوریا ئاشكرا دەكات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
پاتریک ڕایدەر وتەبێژی پنتاگۆن ژمارەی هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکای لە سوریا و عێراق لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززە ئاشکرا کرد.
لە 17 تشرینی یەكەمی رابردووەوە بنکەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق کەوتوونەتە بەر هێرشی گروپەکانی نزیك لە ئێرانەوە، هێزەکانی ئەمریکاش چەند جارێك وەڵامی بە ئامانجگرتنی بنکەکانیان داوەتەوە بە هێرشکردنە سەر گروپەكان لە سوریا و عێراق.
ڕایدەر لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لە سەرەتای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی دۆخی ناوچەکەوە 127 جار هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بنکە ئەمریکییەکان 75 جار لە سوریا هێرشیان کراوەتە سەر، هاوکات بنکەکانیان لە عێراق 52 هێرشیان کراوەتە سەر و لە 4 ی ئەم مانگەشەوە دامەزراوە ئەمریکییەکان کراونەتە ئامانجی نۆ هێرش.
ئەمەریكا لە چوارچێوەی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش” بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، 2500 سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیشی لە سوریا هەن.