پێنتاگۆن: هیچ پلانێکمان بۆ کشانەوە لە عێراق نییە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن و پلانی کشانەوەیان نییە.

 لە کۆنفراسە رۆژنامەوانییەکەدا، پاتریک رایدەر بێ ئاگایی خۆی لە هەر ئاگادارکردنەوەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لەو وڵاتەکە پیشاندا.

دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 4ی ئەم مانگە، بەرپرسی سەربازی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پشتێنەی بەغدا و یاریدەدەرەکەی لە لایەن سوپای ئەمریکاوە کوژران، داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زیادی کردووە.

رۆژی هەینی رابردووش، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیسی، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا، گوتی: “سەرقاڵی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانین بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق”.

نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکا لە عێراق و 900 سەربازیان لە سووریا هەن، ئەو هێزانە لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 120 جار بە مووشەک و هاوەن و فرۆکەی بێ فرۆکەوان لەلایەن میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”ەوە هێرشیانکراوەتە سەر.