دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک دژ بە پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
سبەی دووشەممە، دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک لە دژی پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران کۆدەبێتەوە، سکاڵاکە لەلایەن ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە تۆمار کراوە؛ تیایدا داوا دەکات دادگای فیدراڵی ناردنی قەرز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت.
سبەی دووشەممە، دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنەکانی لە ساڵی نوێدا دەستپێدەکاتەوە، بەپێی خشتەی دانیشتنەکان، بڕیارە بۆ تاوتوێکردنى چوار سکاڵا کۆببێتەوە، یەکێکیان بۆ بڕیارێکى حکومەتى ناوەندیی عێراق تۆمار کراوە لە دژی پێدانی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان.
سکاڵاکە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە لە دژى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمار کراوە و تێیدا داوای کردووە دادگا بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بە نادەستووری بناسێنێت، کە بڕیاری ناردنی دوو تریلیۆن و 100 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.