حكوومه‌تی عێراق سه‌رقاڵی دیاریكردنی واده‌یه‌كه‌ بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە خاکی وڵاتەکەی

دیمەشق – نۆرس پرێس

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنانی لیژنەیەکی دوو قۆڵی بۆ دانانی بەرنامەیه‌ك بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ڕاگەیاند، ئەمەش دوای کوژرانی دوو سەرکردەی حه‌شدی شه‌عبیی لایەنگری ئێران هات له‌ ڕۆژهەڵاتی بەغدا، لە بۆردومانێکی هێزه‌كانی ئەمه‌ریکادا. لە کاتێکدا هیچ وردەکارییەکی دیکە لەبارەی ئەو لیژنەیە نەخراوەتەڕوو.

سودانی وتیشی، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە سەروەری عێراق پێشێل بکات.

دوێنێش بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی لە بەغدا ئەنجامداوە، دژی سەرکردەکانی گروپی “نوجەبای عێراق”ی لایەنگری ئێران بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز پێدەچێت ئه‌و گروپه‌ بەرپرسیار بن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا .

لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاند، بزوتنه‌وه‌ی نوجەبا و کەتایبی حزبوڵڵا کە لە لیستی تیرۆردا ناویان هاتووە، بەرپرسیارن لە زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سوریا و عێراق.

لەکاتێکدا وتەبێژی هێزە چەکدارەکان، لیوا یەحیا ڕەسووڵ، هێرشه‌كه‌ی ئەمریکای لە بەغدا بە هێرشێکی هاوشێوەی کردەوە تیرۆریستییەکان وەسفکرد و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی به‌ بەرپرسیاری ئه‌م هێرشه‌ زانی.

داڕشتنه‌وه‌ی: مالین محه‌مه‌د