بە هۆی بۆردوومانی تورکیاوە وێستگەیەکی کارەبا لە گوندەواری حەسەکە لە کار دەکەوێت

تلتەمر – نۆرس پرێس

دوای ئەوەی گوندەواری شارۆچکەکە روبەڕووی تۆپباران و مووشەکبارانی تورکیا بووەوە، ئەمڕۆ هەینی، وێستگەی کارەبای تلتەمر لە گوندەواری باکووری حەسەکە لەکارکەوت.

فەهد سەمعیلە، بەڕێوەبەری ناوەندی کارەبای تلتەمر، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بەهۆی بۆردومانەکەی تورکیاوە بۆ سەر گوندەکانی باکووری گوندەواری تلتەمر، هێڵی 66 کەیڤی کە وێستگەی کارەبای تلتەمر لە شاری حەسەکەوە دەگەێنێت، بە تەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوو”.

“سەمعیلە” دەشڵێت: “شارۆچکەی تلتەمر و تەواوی گوندەوارەکانی لە بەیانی زووەوە بێ کارەبا بوون، چاوەڕێی ئەوە دەکەین هێزەکانی رووسیا هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی تورکیا بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بچینە ناوچە بەئامانجگیراوەکە و هەڵەکە دەستنیشان بکەن و چاکی بکەنەوە، چونکە “کێشەکە لە سەر هێڵەکانی بەرکەوتنە و وەرشە تایبەتەکانمان ناتوانن دەستیان پێبگات”.

لە بیست و سێی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا، تورکیا بۆ چەند رۆژێک دامەزراوە خزمەتگوزاری و تەندروستییەکانی لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ژێرخانی ئەو ناوچانە وێرانکارییەکی گەورەیان لێکەوتەوە و زیانی گیانی بە هاووڵاتیانی سڤیل گەیاند.

گوندەکانی ئوم کێف و ئەلتەویلە لە گوندەواری باکووری رۆژئاوای تلتەمر لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە روبەڕووی تۆپبارانی تووند بوونەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی بەرچاوی مرۆیی تۆماربکرێت، تا ئەو ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەممەد