دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، دەوڵەتی ئیسلامی ‘داعش’ بەرپرسیارێتی خۆی لە هەردوو تەقینەوەکەی ئێران راگەیاند، کە رۆژی چوارشەممە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی لە باشووری ئێران، لە میانی یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا روویاندا.
دەستەی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، “ژمارەی کوژراوانی هەردوو تەقینەوەکە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە پارێزگای کرمان لە باشووری ئێران گەیشتووەتە 103 کوژراو و 141 بریندار”.
دەزگای ئەلیکترۆنی ‘ئەعماق’ی نزیک لەو رێکخراوە تیرۆریستییە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە، “رۆژی چوارشەممە دوو لە چەکدارانی رێکخراوەکە دوو هێرشی ئیستیشهادییان دەستپێکرد و گردبوونەوەیەکی گەورەی شیعەکانیان لە پارێزگای کرمان لە ئێران کردە ئامانج”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، “ئەو دوو چەکدارە توانیان بگەنە ناو قورەباڵخییەکە، کە هەزاران شیعەی تێدابوو و لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی رێوڕەسمی شیعەیان ئەنجام دەدا”.
روونیشیانکردەوە، خۆکۆژی یەکەم پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکەی لەناو خەڵکەکەدا تەقاندەوە، دواتر دوای 20 خولەک تەقینەوەی دووەم روویدا، لەو دوو تەقینەوەیەدا زیاتر لە سەد کەس کوژران و دوو سەد کەسی دیکەش برینداربوون.